AP ١٤٠٢ گەڵاڕێزان ٦ ١٢:٥٧

فەرهەنگێکی نوێ لەبارەی زاراوەی تەسەوف و عیرفان بڵاو‌کرایەوە

فەرهەنگێکی نوێ لەبارەی زاراوەی تەسەوف و عیرفان بڵاو‌کرایەوە

فەرهەنگی پیران؛ لەبارەی زاراوەی تەسەوف و عیرفان، ناوی بەرهەمێكی نوێی بوشرا كەسنەزانی و پڕۆفیسۆر سەباح بەرزەنجییە بڵاو کرایەوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، فەرهەنگی پیران؛ لەبارەی زاراوەی تەسەوف و عیرفان، ناوی بەرهەمێكی نوێی بوشرا كەسنەزانی و پڕۆفیسۆر سەباح بەرزەنجییە، نزیكەی دوو هەزار زاراوەی بواری عیرفانیی تێدا ناسێنراوە و شی‌ كراوەتەوە، هەر زاراوەیەكیش بە هۆنراوەی شاعیرانی كلاسیك پشتڕاست كراوەتەوە و نموونەی لە ئەدەبیاتی كوردییەوە بۆ هێنراوەتەوە.

بوشرا كەسنەزانی لەمبارەیەوە بە "وشە"ی راگە‌یاند: ئەم كارە هەوڵ دەدات تەسەوف وەك ئەوەی كە هەیە و لە كولتووری كوردیدا جێی گرتووە بناسێنێت، بۆیە هەردوو نووسەر لە نووسینی كتێبەكەدا بایەخی تەواویان بە فەرهەنگ و زمان و كولتووری كوردی داوە.

ئەم فەرهەنگە دەبێتە یەكەمین فەرهەنگی ناساندنی چەمك و زاراوەی سۆفیگەری لە زمانی كوردیدا. جێی باسە لە زمانی كوردیدا پێشتر دكتۆر ئیبراهیم ئەحمەد شوان كتێبیێكی لەبارەی زاراوەی سۆفییانەی شیعرەكانی مەلای جزیری و مەحوییەوە نووسی بوو بە ناوی: {فەرهەنگی سۆفییانەی دیوانی جزیری و مەحوی}.

ئەم فەرهەنگە خۆی لە پێشەكی و ناوەڕۆكدا دەبینێتەوە، لە پێشەكی كتێبەكەدا بە وردی لەبارەی چەمكی تەسەوف و مێژووی تەسەوف و بنەماكانیەوە قسە كراوە، دنیای بێ پەیی عیرفانییەت پێشان دراوە، پاشان قسە لەسەر زمانی بە ڕەمزی سۆفییەكان كراوە، كە لە ئەدەبیاتیاندا ڕەنگی داوەتەوە، هەموو وشەیەك جگە لە مانای فەرهەنگی خۆی، مانایەكی تایبەتی هەیە كە پێوەندیی بە ڕەوت و ڕەفتار و رەوشتی دەروێشانەوە هەیە. پاشان بەپێی پیتەكان، زاراوەكان جیا كراونەتەوە و لە ناو هەر پیتێكیشدا سەتان وشە ڕوون كراونەتەوە.

News ID 47831

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha